Image

پشکنینی دی-دایمەر (D-Dimer Test)

دی-دایمەر (D-dimer): پرۆتینێکە کە لە ئەنجامی تێکشکاندنی کڵۆیی فایبرین (Fibrin clot) لە خوێندا دروست دەبێت.

واتە کاتێک جەستە کڵۆیەکی خوێن (Thrombosis) دروست دەکات و دواتر دەیەوێت تێکی بشکێنێت و بیتوێنێتەوە، ئەوا لە ئەنجامی ئەم تێکشکاندنە، پارچە پرۆتینی بچووک بەرهەم دێن کە پێیان دەوترێت D-dimer.

بەم شێوەیە، ئەگەر ڕێژەکەی بەرز بێت، واتە لە شوێنێک مەیینی خوێن و ( جەڵتە) (Thrombosis) هەیە و جەستە هەوڵی تێکشکاندنی دەدات.

 کەی ئەم پشکنینە ئەنجام دەدرێت؟

ئەم پشکنینە لە حاڵەتە بەپەلەکاندا (فریاکەوتن) یان کاتێک پزیشک گومان لەم حاڵەتانەی خوارەوە بکات بەکاردێت:

- مەیینی خوێن لە دەمارە قووڵەکانی قاچدا (Deep vein thrombosis - DVT).

- مەیینی خوێن و گیرانی خوێنبەری سییەکان (Pulmonary embolism - PE).

- ئازارێکی نادیار و بێ هۆکار لە قاچدا.

- ئاوسانی لەپڕی قاچ (Edema).

- تەنگەنەفەسی لەپڕ و ئازاری سەرسنگ.

 شیکردنەوەی ئەنجامی ئەم پشکنینە (Interpretation)

ئەگەر ئەنجامەکە نەرێنی بێت (Negative / Normal - < 500ng/ml): نیشانەیەکی تەندروستە و بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز ئەگەری هەبوونی کڵۆی خوێن (جلتە) ڕەتدەکاتەوە.

ئەگەر ئەنجامەکە بەرز بێت (Positive / High): مەرج نییە بە تەواوی و سەد لە سەد کڵۆی خوێن هەبێت! بەڵکو واتا چالاکییەکی مەیین و تێکشکاندنی کڵۆ لە جەستەدا هەیە، بۆیە پێویستە لە ڕێگەی تیشکەوە (وەک سۆنەری Doppler یان ئەشیعەی CT scan) پشتڕاست بکرێتەوە.

 سوودەکانی ئەم پشکنینەچین:

یارمەتیمان دەدات بزانین ئایا نەخۆشەکە پێویستی بە پشکنینی زیاتری مەیینی خوێن لە مولولەکانی خوێندا هەیە یاخود نا.

دڵنیاییت پێدەدات و وەک ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە کاردەکات پێش ئەوەی حاڵەتەکە گەورەتر بێت.

بەرزبوونی پێمان دەڵێت کە جەستەت خەریکی تێکشکاندنی کڵۆی خوێن  (جەڵتە) بووە (واتە سیستەمی دژە مەیین کارا بووە).

هۆکاریfalse positive چییە؟

دی-دایمەر تەنها لە کاتی جەڵتە بەرز نابێتەوە، بەڵکو لەم حاڵەتانەشدا بەرز دەبێتەوە:

لە کاتی دووگیانیدا (دووگیانی هۆکارەکە ڕێژەی  خەستی خوێن زیاد دەکات).

لە کەسانی بەتەمەن و بەساڵاچوواندا.

لە کاتی هەوکردنی تونددا (Severe Infections & Inflammations).

دوای نەشتەرگەری و زەبر و پێکان (Post-surgery & Trauma).

لە کاتی تووشبوون بە کۆرۆنا، نەخۆشییەکانی جگەر، و شێرپەنجەدا (Cancers).

تەنانەت فشار و دڵەڕاوکێی دەروونیش (Stress) دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی.

 تێبینی تاقیگەیی (Laboratory Note)

پشکنینی D-dimer بە بەکارهێنانی پلازمای سیترات (Plasma citrate) ئەنجام دەدرێت (تیووبی شین).

تێکچوونی خوێنەکە (Hemolysis) و چەوری زۆری خوێنەکە (Lipemia) کاریگەری نەرێنی دەکەنە سەر ڕاستیی ئەنجامەکە.

 پوختە:

ئەم پشکنینە پێمان ناڵێت کڵۆی خوێنەکە لە چ شوێنێکی جەستەدایە، بەڵکو تەنها پێمان دەڵێت کە جەستە لە جەنگێکی مەیین و تێکشکاندنی کڵۆدایە.